بەرەی ڕۆژئاوا ئارامە

بڵاوکردنەوە:

ڕێکان جیهان

نووسەر:

ڕێکان جیهان

بینراو:

288

بەش:

ئاشنایی

بەرەی ڕۆژئاوا ئارامە (All Quiet on the Western Front)

فیلمەکە ئەڵمانیە، لە ڕۆمانی "بەرەی ڕۆژئاوا ئارامە" لە نووسینی ڕۆمان نووسی ئەڵمانی (ئایرش ماریا ڕێمارک). کە بەشدار بووە لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا و شایەتحاڵی ئەو ترسناکی و قەرەبەختیەی بەرەکانی جەنگ بووە.

" ئەگەر دەسەڵات بدەیتە دەست پیاوێک، ئەوا دەگۆڕێت بۆ دڕندەیەک."

لە فیلمەکەدا، باس لە کۆمەڵێک خوێندکار دەکات، کە لە هەڕەتی لاوێتیدان و لەو کاتەشدا جیهان لە گەرمەی جەنگێکی خوێناوی و بێبەزەیدایە. ڕەشاش و چەکی کیمیاویی و تانک داهێنراوە و لەسەر مرۆڤەکان تاقی دەکرێنەوە. قەیسەری مەزن، پێویستی بە سەری تازەیە بۆ ئەوەی بیانێرێتە بەردەم ڕەحمەتی چەکە نوێکانی مرۆڤایەتی. لە فیلمەکەدا تێبینی دەکەین کە یەکەم هەنگاوی هەڵگیرساندنی جەنگ ئەوەیە کە کەسەکان ئامادە دەکرێن. سەرەتا، پیاوانی دەوڵەت جاڕی ئەوە دەدەن بە گوێی کەسەکاندا کە چەسپاندنی دادپەروەری و ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی پەیوەستە بە قوربانی و هەنجن هەنجن بوونی ئەوان و نیشتیمانی مەزن سەرکەوتن بە دەستدێنێت و مرۆڤایەتی ڕزگاری دەبێت لە نادادی و بەدبەختی. هەنگاوی دووەم، بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ ئەوەیە کە قەناعەت بەو خەڵکە بکرێت کە جگە لە بەرەکانی جەنگ شەرەف و شکۆمەندی لە هیچ شوێنێکی ترا دەستناکەوێت، و هەر کەس بەشداری جەنگ بکات ئەوا شکۆمەندی و سەربەرزی بۆ هەتا هەتایە لەگەڵیدا دەمێنێتەوە و دادپەروەری بەهۆی قوربانیەکانی ئەوەوە قەرزارباری بووە. ئەو فکرانەش لە ناو گەلاندا بێجگە لە قوربانی و دڕندایەتی مرۆڤ هیچی دی لێ بەرهەم نایەت. نمونەش جەنگی یەکەمی جیهانیە کە گیانی ملیۆنان کەس بووە قوربانی.

بە سەیرکردنی ئەم فیلمە توشی سەرلێشێوان دەبین، کە ئایا مانای ڕزگار بوونی مرۆڤ چییە لە جەنگدا. (ئەفلاتۆن) دەڵێت " تەنها مردووەکان کۆتایی جەنگەکە دەبینن." ئەو وتەیەی بکەینە پێوەر بۆ فەلسەفەی دەرچوون لە جەنگ، ئەوا ڕاستە و هیچ کۆتاییەک بۆ جەنگ نیە. ئەو سەربازانەی کە بەشداری جەنگەکان دەکەن، گەر لە جەنگدا نەکوژرێن ئەوا دەروونیەن دەمرن و دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکەش لەسەر کاغەز جەنگ لە دەروونی ئەواندا بەردەوامە و هەرگیز ڕزگاریان نابێت لێی. بەهێزی ئەو فیلمە لەوەدایە کە تەرکیز دەخاتە سەر ژیانی هەر سەربازێک لە جەنگدا، نیشانمان دەدات کە چۆن لاوێک کە سەرەتای بیستەکانی تەمەنیەتی کە چۆن جەنگێکی بێمانا و لوتبەرزانەی سەرانی دەوڵەتەکەی ژیانی لێ وێران دەکات و دەروونیەن تێکی دەدات. ترسناکی و بێڕەحمی جەنگەکە بە تەواوی پەکی دەخات دەگاتە ئاستێکی ڕوخاوی کە دەڵێت: "زۆر ئارامم، با مانگ و ساڵەکان تێپەڕن ناتوانن هیچم لێ بەرن، ناتوانن ئیتر هیچیترم لێ بەرن، ئەوەندە تەنیام، ئەوەندە بێ هیوام کە دەتوانم بەبێ ترس ڕووبەڕوویان ببمەوە. ئەو ژیانەی کە لەم ساڵانەدا هەڵیگرتووم هێشتا لە دەست و چاومدایە، ئایا ملکەچم کردووە، نازانم. بەڵام، هەتا ئەوکاتەی لەوێ بێت بە دوای دەرچوونی خۆیدا دەگەڕێت، بێ ئاگا لەو ویستەی کە لە مندا هەیە." ئایرش ماریا ڕێمارک لە کۆتاییەکانی کتێبی (بەرەی ڕۆژئاوا ئارامە).

 هەر لە فیلمەکەشدا و لە کۆتاییدا هەرچەندە ئەو وتەیە ناڵێت. بەڵام، وتەکە بە دەموچاوی کارەکتەرەکەوە بە ڕوونی دەردەکەوێت، کە ڕۆحی مردووە و تەنها جەستەیەکی بەتاڵە بەرەو کۆتا هەڵمەت بەڕێ دەکەوێت.

لەلایەکی ترەوە، ئەو کەسانەی کە خەڵکی ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ دەکەن خۆیان لە ژیانی شاهانەیی و خۆشی خۆیاندان و بەردەوام پێداگری دەکەن لەسەر بەردەوامی ئەم خوێنڕشتنە. فیلمەکە ئەوەمان نیشان دەدات کە ئەوانەی خەڵک ڕەوانەی شەڕەکان دەکەن، خۆیان ناچنە بەرەی شەڕەکانەوە و لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە باس لە قارەمانێتی و بەدەستهێنانی شەرەف دەکەن لە جەنگدا. "دەموچاوی زۆر ئارام بوو، وەک ئەوەی دڵخۆشبێت بەوەی کە کۆتاییەکەی هات." ئایرش ماریا ڕێمارک کۆتایی (بەرەی ڕۆژئاوا ئارامە).

 لە کۆتاییدا، ئەم فیلمە پەیامێکی گەورەی لە خۆ گرتووە ئەویش ئەوەیە، کە جەنگەکان زۆربەی مرۆڤەکان بەرەو تێکچوون دەبەن و ئەوانەی جەنگەکانیش هەڵدەگیرسێنن خراپترینی مرۆڤایەتین، هەرچی هوتافی قارەمانیەتی و شەڕەفی جەنگە هەمووی درۆیە. تەنها، ئەو کەسانە لە ڕاستی جەنگ تێدەگەن کە لە قوڕاو و لیتاوی بەرەکانی جەنگدا دەتلێنەوە، نەک ئەوانەی لە پشت دەرگاکانەوە باسی جەنگ دەکەن.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield