شەتڕەنج

بڵاوکردنەوە:

هاوڕێ جەلال

نووسەر:

هاوڕێ جەلال

بینراو:

1749

بەش:

زمان

یاریی شەتڕەنج، ئەو یارییەی کە لە واری کوردان سەری هەڵداوە. هەندێک کەس وتوویانە ئەم یارییە لە هیندستانەوە سەری هەڵداوە. ئەمەش هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت! چونکە سەردەمانێک ئەگەر هەموو هیندستان لەژێر دەستی مادەکاندا نەبووبێت؛ ئەوا بەشێکی هەر لەژێر دەستی مادەکاندا بووە. ئەگەر زانیاریی زیاترت دەوێت؛ بڕۆ پەیجۆر و سۆراخێک بۆ کوردەکانی هیندستان بکە. و کنەیەکی زەردەشتییەکانی هیندستان و مینەیەکی سەند و سیندباد بکە!

ڕەنگە ئەوەی کە ئەو ڕایەی داوە؛ لەبەرئەوە بێت؛ کە یارییەکە فیلی تێدایە. بێئاگا لەوەی بەشێکی گرنگی سپای میدییەکان؛ فیل بووە و وشەی (فیل) یان (پیل)یش وشەیەکی کوردییە و مانای (فرە یان مەزن و گەورە) دەدات. (داخی هەندێکیش دەمکوژێت کە دەڵێن؛ جا کوا فیل لە وڵاتی ئێمە هەبووە؟) وای لە گەورەیی زمانی کوردیی و وای لە بچووکیی تۆ!

چاوەکەم! دەزانم ((بەداخەوە کورد ئایندەی نییە! بەڵام مێژوویەکی پرشنگداری هەیە. ئەمەش پێچەوانەی زۆر نەتەوەی تر. ئایندەیەکی گەشی هەیە. بەڵام مێژوویەکی ئەوتۆیان نییە!))

وشەی شەتڕەنج خۆی لە بنەڕەتدا (چەترڕەنگ)ە بووە. لە پێکگەیشتنی دوو دەنگی(ر/ڕ) بۆ دەربڕین قورسە و یەکێکیان تێدا دەبرێت و بووە بە (چەترەنگ). ئەمیش کە چووەتە ناو زمانی عەرەبیی؛ ئەوان پیتی (چ) و (گ)یان نییە و کزدوویانە بە (شەترەنج - شترنج)

وشەی (چەترڕەنگ) وشەیەکی لێکدراوی کۆنی کوردییە و ئاوێتەیە لە دوو وشە

(چەتر) یان (چەتوار، چەتڤار) کۆنترین شێوەی وشەی (چوار، چڤار، چهار= 4)ن.

بە پێی کتێبی (فەرهەنگی ئێریەن ڤاچ)؛ لە ئاوێستادا؛ ژمارەکانی یەک تا دە بەم چەشنە هاتوون:

(ئەیڤە، دڤە، ترەی، چەتڤار، پەنجە، خشڤەش، هەپتە، ئەشتە، نەڤە، دەسە)

وشەی (ڕەنگ) واتای (لەون) دەدات. وشەی لەون؛ بە دڵنیایی تەواوەتیی وشەیەکی کوردییە. (ئەگەر سەرم پەرژا وتارێکی لەسەر دەنووسم)

بەم جۆرە؛ وشەی (چەتڕەنگ) مانای (چوار ڕەنگ) دەدات.

ئەمەش گوزارشت لەوە دەکات؛ سەرەتا یارییەکە لە چوار داش پێک هاتووە. بە مەزەندەی من ئەم چوارە بوون (سەرباز، ئەسپ، فیل، پاشا). دواتر (قەڵا) و (وەزیر)ی بۆ زیاد کراوە. (وەزیر) لە ئۆروپا کراوەتە (شاژن)

ناوی شەتڕەنج؛ بەم شێوانەی تریش هەیە لە زمانی کوردییدا: (شەتڕەنج، شترنج، سەرترنج/انێ، سەدرەنج، سەترنج)

ناوی یارییەکە؛ وەک ناوەکانی سێڕسکێن و نۆڕسکێن،... لەسەر ناوی ژمارە درووست بووە. ناوەکە لە هەندێک زمانی تردا؛ کورت بووەتەوە و دەگەرێنەوە بۆ کەرتی یەکەمی ناوەکە.

واتە وشەی chessـی ئینگلیزیی و eschesـی فەڕەنسیی؛ لە کەرتی یەکەمی ناوە کوردییەکە (چەت، سەت)ی کوردییەوە داکەوتوون. چونکە دەتوانین وشەکە دابەش بکەین بۆ (چەت) (ڕەنگ)

دوو تێبینی کورت؛ وەک سەربار:

وشەی کش و مات کە لە یارییەکەدا دەوترێت. ئەویش کوردییە.

داشی فیل؛ پێشی دەوترێت (کول).

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield