کورتەیەک لە مێژووی فەرمانڕەوایی ماد

بڵاوکردنەوە:

ئاریان ئومێد

نووسەر:

ئاریان ئومێد

بینراو:

2135

بەش:

مێژوو

پێشەکی

   مادەکان لە سەرەتاکانی سەدەی هەشتەمی پێش زاینەوە وەک هێزێکی سیاسی و سەربازی کاریگەر لە ڕۆژهەڵاتی نزیکدا دەرکەوتن و ڕۆڵێکی گرنگیان گێرا، بەتایبەت کاتێک توانیان کیانێکی سەربەخۆ پێکەوە بنێن و لەژێر رکێفی ئاشووریەکان دەربچن، پاشان لەگەڵ بابلیەکان هاوپەیمانیەکیان لە دژی ئیمپراتۆری ئاشووریی بەست و بەسەریدا زاڵبوون. بەم شێوەیە تا ناوەڕاستی سەدەی شەشەمی پێش زاین وەک کیانێکی گەورە و کاریگەر مانەوە تا لەسەر دەستی کۆڕشی فارسی، کۆتایی بە دەسەڵاتیان هات.

   یەکەمین ئاماژەی تایبەت بە ناوی مادەکان لە نووسینەکانی پادشا ئاشووریەکانی سەدەی نۆیەمی پێش زاینەوە پێمان گەیشتووە، بە تایبەت لە نووسینەکانی پادشای ئاشووری (شەلمانسەری سێیەم 858 - 824 پ.ز)، کە باس لە هەڵمەتە جەنگیەکانی دەکات بۆسەر ناوچە شاخاویەکان لە ئیچران و چیاکانی زاگرۆس، لەم هەواڵانەوە باسی هۆزە میدیەکان بە شێوەی (ئامادای) هاتووە، ئاماژە بە بوونی (27) سەرۆک هۆزو دەسەڵاتداری میدی دەکات کە لەو دەمەدا فەرمانڕەواییان کردووە. لە دوای شەلمانسەریش چەندین پادشای دیکەی ئاشووری ئاماژەیان بە میدیەکان داوە و بە ئازاو بەجەرگ و جەنگاوەر ناویان بردوون. لە دواتریشدا لە دەقی پادشا ئەخمینیە فارسەکاندا کە خۆیان بە پادشای (پارس و مادا) وەسف کردووە ئاماژەیەکی کەم بە میدیەکان کراوە. بەڵام بەگشتی دەکرێ بڵێین بەشی هەرە زۆری مێژووی ماد لە دەقەکانی مێژوونووسی یۆنانی "هیرۆدۆت"ەوە بۆمان بەجێماوە کە بە "میدیەکان" ناویان دەهێنێت.

 

سەردەمی فەرمانڕەوایی دیاکۆ (بنیادنان)

   یەکەمین پادشای دیارو ناسراوی میدیەکان (دایکو یان دیاکۆ)یە کە هیرۆدۆتس بە "دیۆگیس" ناوی بردووە. ئەم پادشایه لە نزیکی (708 پ.ز) فەرمانڕەوایەتیەکەی دەستی پێکردووە، سەرەتای دەرکەوتنی وەک سەرکردەیەکی ناوچەیی بوو، بەڵام بەهۆی دادپەروەری و سەر ڕاستی خۆیەوە دەبێتە جێی سەرنجی دانیشتوانی ناوچەکانی دیکەش، تا لە کۆتایدا دەتوانێ دەسەڵاتێک پێکەوە بنێ و شاری (ئەگباتانا - هەگبەتانە) بکاتە پایتەختی دەوڵەتەکەی. دیاکۆ قەڵاو شورەی ئەگباتانای بە شێوەیەکی بەهێز و پتەو بنیادنا، بە حەوت شورەی بڵندی یەک لە دوای یەک چواردەوری شارەکەی گرتبوو، کە بە جۆرێک نەخشەی بۆ کێشابوو کە بورجی هەر شورەیەک لەوەی پێش خۆی بەرزتر و لەوەی دوای خۆی نزمتربوو، وەستاکارەکان بە مەبەست بەو شێوەیە بنیادیان نابوو تاکوو مەتەرێزەکانیان بەرزتر لە یەکدی بێ و لە ساتی داگیرکردنی شورایەکدا ئەوەی دواتر باشتر بەرگری بکات. شاری ئەگباتانا لای ئاشووریەکان بە (ماڵی دایکو) ناسرابوو، خودی دیاکۆش بە زەبرو زەنگ و ئازایەتی وەسفکراوە. دیاکۆ هاوپەیمانیەتیەک لەگەڵ شانشینی ئۆرارتۆ دەبەستێت لە دژی ئاشووریەکان و لەگەڵیان دەچێتە جەنگەوە، بەڵام سەرکەوتوو نابێت و بەدیلی دەکەوێتە دەستی ئاشووییەکان، پێدەچێ ماوەی کۆتایی ژیانی لە دیلیدا بەسەربردبێ، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە هەڵوێستی ئاشوورییەکانە، ئەوان بە توندوتیژی و دڵڕەقی ناسراون بە تایبەت بەرامبەر ئەو پادشاو دەسەڵاتدارانەی لێیان یاخی دەبوون، بەڵام لەگەڵ دیاکۆدا بە نەرمی مامەڵەیان کردووەو تەنها دووریان خستووەتەوە بۆ سوریا، دوای ماوەیەکیش گێڕاویانەتەوە بۆ شاری نەینەوا، پێدەچێ ئەمەش لەبەر ئەوەبووبێ کە بە زیندوو هێشتنەوەی دیاکۆ، خۆیان لە ڕاپەڕین و توڕەبوونی میدیەکان بپارێزن. دەتوانین بڵێین دیاکۆ یەکەم دامەزرێنەرو بنیادنەری دەوڵەتی مادەو لەسەر دەستی ئەم پادشایە بەشێکی زۆری هۆزە میدیەکان لە چوارچێوەی یەک کیانی سیاسیدا یەک دەخرێن. پێدەچێ دیاکۆ تا ساڵی (647پ.ز) فەرمانڕەوایەتی کردبێت، دوای خۆیشی کوڕەکەی کە ناوی (فراوەرتیس)بوو، دەسەڵات وەردەگرێت.

 

سەردەمی فەرمانڕەوایی فراوەرتیس (فراوانخوازی و شکست)

   وەک لە پێشتر ئاماژەمان پێدا لە دوای دیاکۆ کوڕەکەی جێگای گرتەوە، کە هیرۆدۆتس بە "فراوەرتیس" ناوی دەهێنێت، بەڵام لە نووسینی پاشای ئەخمینی دارای یەکەم بە (خشاسریتا) ناوی هاتووە. فراوەرتیس یان خشاسریتا لە ساڵانی (673 - 652 پ.ز) فەرمانڕەوایی دەوڵەتی مادی کردووە. ئەمیان لە ئاستێکی بەرزی هێزدا بوو بە چەشنێک توانی لە ژێر فەرمانڕەوایەتی خۆیدا زۆربەی هۆزە میدیەکان  یەکبخات، وە توانی پەیوەندیەکی دۆستانە لەگەڵ پاشای ئاشووری ئەسەر حەدون (681 - 669 پ.ز) دروستبکات. فراوەرتیس بەوەوە نەوەستا کە تەنها هۆزەکانی مادی لە ژێر ڕکێفدابێ، بەڵکوو پەلی بۆ ناوچەکانی دیکەش هاویشت و توانی هۆزە ئێرانیەکانی دیکەش بە تایبەت فارسەکان، بهێنێتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. بەهێزی و لە خۆڕابینی فراوەرت گەیشتە ئاستێک بڕیاریدا هێرش بکاتە سەر نەینەوای پایتەختی ئاشوور، ئەمە سەرکێشیەکی گەورەبوو، چونکە تا ئەو دەمە ئاشووریەکان لە خەیاڵدانی گەلانی ناوچەکەدا ئەفسانەیەکی لە شکان نەهاتووبوون، بەڵام فراوەرتیس ئەم تەلیسمی ترسەی شکاند و جەنگی دژی ئاشوور ڕاگەیاند، بەڵام دەتوانین بڵێین ئەم هەنگاوە لەو کاتەدا کارێکی دروستنەبوو. فراوەرتیس بە باشی مەترسیەکانی لەبەرچاو نەگرتبوو، هەر بۆیە کاتێک ئەو لە شەڕدابوو دژی ئاشووریەکان، هۆزە سکیتیەکانی باکوور کە هاوپەیمانی ئاشووریەکان بوون لە پشتەوە هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی فراوەرتیس و توانییان شاری (ئەگباتانا) داگیر بکەن. ئەم ڕووداوە لە پڕە زیانی زۆری بە هێزەکانی فراوەرتیس گەیاند، ورەیان زۆر دابەزی و لە هەمان کاتدا هێزی پشتیوانیشیان لاواز بوو. بەوهۆیەوە ناچاربوون شەڕێکی یەکلاکەرەوە لەگەڵ سوپای بەهێزی ئاشووریدا بکەن، ئەوەبوو دواجار جەنگێکی قورس و خوێناوی لە نێوانیان هەڵگیرسا کە بە شکستی ماد کۆتایی هات و خودی فراوەرتیس لەو پێکدادانەدا گیانی لەدەستدا. دوای مەرگی فراوەرتیس خاکی میدیا بۆ نزیکەی بیست ساڵ کەوتە ژێر ڕکێف و داگیرکاری سکیتیەکان، ئەو دۆخەش بەردەوامبوو تا هاتنە سەر تەختی "کەیخەسرەو"ی کوڕی فراوەرتیس.

 

سەردەمی فەرمانڕەوایی کەیخەسرەو (هەستانەوە و شکۆمەندی)

   لەدوای مردنی "فراوەرتیس" کوڕەکەی (کەیخەسرەو یان کەیئەخسار) جێگای گرتەوە. کەیخەسرەو لە ساڵانی (624 - 585 پ.ز) فەرمانڕەوایەتی کرد. سەرەتای دەسەڵاتداری ئەم پادشایە بە گێرەو کێشەو کۆسپێکی زۆردا تێپەڕی، چونکە لە دوای شکستەکەی فراوەورتیسی باوکی، وڵاتی میدیا کەوتبووە ژێر داگیرکاری ئاشووری و سکیتیەکانەوە، بەڵام کەیخەسرەو ئازایانە ئەم کۆسپانەی تێپەڕاندو توانی وڵاتی میدیا یەک بخاتەوەو دووبارە "ئەگباتانا"ی کردەوە بە پایتەخت. هەر بەوەشەوە نەوەستا، بەڵکوو پەلی بۆ ناوچەکانی دیکەش کێشاو فارسەکانیشی هێنایەوە ژێر ڕکێفی خۆی، دەتوانین بڵێین دووبارە دەوڵەتەکەی بنیاد نایەوەو هەموو ئەو خاک و ناوچانەی بەدەستهێنایەوە کە باوکی لە دەستی دابوو، پێدەچێت کەیخەسرەو لەو ماوەیەدا زۆر بە باشی پەرەی بە سوپاکەی دابێت و لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتیەوە بەهێزی کردبێت، چونکە لەو ساتەدا هیچ شتێک هێندەی سوپایەکی بەهێز پێویست و گرنگ نەبوو بۆ دەوڵەتی ماد، کەیخەسرەو بەباشی درکی بەوە کردبوو کە دەبێ چارەنووسی وڵاتەکەی لە ڕێی جەنگێکی قورس و خوێناویەوە لەگەڵ ئاشووریەکان یەکلا بکاتەوە. دەوڵەتی ئاشووری لەبەری ڕۆژئاواوە بۆ ماوەی چەند سەدەی تەواو ببوون بە مەترسی و بەڵایەکی گەورە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە، سوپای ئاشووری و پاشا شەڕەنگێزەکانیان لە باکورەوە بۆ باشورو لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا هەمیشە لە هێرش و شەڕی بەردەوامدا بوون. دڕندەیی و توندوتیژیشیان لە جەنگەکاندا گەیبووە ترۆپک، زۆر جار کە لەشکرکێشیان دەکردە سەر دانیشتوانی زاگرۆس شارەکانیان بە تەواوی وێران دەکرد، وەک لە ئەرشیفی پاشاکانی خۆیاندا ئاماژەی پێکراوە کوڕ و کچە گەنجەکانیان بە زیندووی دەسوتاند!. کاتی ئەوە هاتبوو ئەم ستەم و زۆرداریە لەسەر دەستی گەوەرە پادشای ماد "کەیخەسرەو" کۆتای پێبێت. کەیخەسرەو لە ساڵی (615پ.ز) بە سوپاکەیەوە بەرەو پێگەی سەرەکی ئاشووریەکان کشا، سەرەتا بە ئاراپخادا واتە کەرکوکی ئەمڕۆدا تێپەڕی، شارەکەی ئازاد کردو ئاشووریەکانی لەو دەڤەرە تێکشکاند، دوا بە دوای ئەوە هێرشێکی توندی کردە سەر ناوەندی دەسەڵاتی ئاشوور، سەرەڕای بەرگریەکی توندی ئاشووریەکان کەیخەسرەو توانی پایتەختی کۆنی ئاشووری واتە شاری "ئاشوور" بگرێت و وێرانی بکات. لەم ساتەدا پاشای بابل "نەبوبلاسەر" کە بە سەرکەوتنی کەیخەسرەوی زانی داوای هاوپەیمانیەتی لێکرد، ئەویش ڕازی بوو. ئەوەبوو کچەزای پاشای میدی کەناوی "ئەمیتس" بوو، لە نەبوخزنەسری کوڕی نەبوبلاسەر مارەکرا.

     شەڕ درێژەی کێشا تا لە کۆتایداو لە ساڵی (612پ.ز) شاری "نەینەوا"ی پایتەختی ئاشوور کەوت و دوا پادشای ئاشووری بە ناوی "ئاشوور ئوبڵد" بەرەو "حەڕان" هەڵهات بەڵام زۆری نەخایاند، لەساڵی (610پ.ز) دواین پێگەی ئاشوور گیراو و بە تەواوەتی لەسەر نەخشەی سیاسی ناوچەکە سڕانەوە. دوای ئەم ڕووداوانەش دەسەڵاتی کەیخەسرەو زۆر زیاترو بەهێزتر بوو، قەڵمەڕەوی دەوڵەتەکەی جگە لە تەواوی خاکی ئێرانی ئیمڕۆ، بەشێک لە ئەفغانستان و پاکستان و تورکمانستانیشی لە خۆ دەگرت، لە باکوریشەوە تا ناوەڕاستی ئەنادۆڵ و لە ڕۆژئاواش تا نزیکی شامی دەگرتەوە. دەتوانین بڵێین سەردەمی حوکمڕانی کەیخەسرەو سەردەمی زێڕینی دەوڵەتی مادەو لە لوتکەی هێزو دەسەڵاتدا بوون. کەیخەسرەو وەک پاشایەکی دڵسۆز هەمیشە چاوی لەسەر گەلەکەی بوو، لەسەر دەستدرێژی و هەر کارێکی دووژمنکارانە دژی گەلەکەی دەهاتە جواب و تۆڵەی دەسەندن. ئەمەشمان زیاتر لەو ڕووداوەوە بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بووە هۆی جەنگێکی قورس لەگەڵ لیدیەکانی باکور. ئەویش بەو شێوەیە دەبێت کە کۆمەڵێک لە سکیتیەکان چەند مناڵێکی میدی دەکوژن و هەڵدێن بەرەو لیدیا. کەیخەسرەویش نامایەک بۆ ئالیاتیسی پاشای لیدیا دەنێرێت و داوای لێدەکات ئەو سکیتیانەی ڕادەست بکاتەوە، بەڵام ئالیاتیس ئەوە ڕەت دەکاتەوە. هەر بۆیە کەیخەسرەو جەنگ لە دژی لیدیا ڕادەگەیەنێت و پێنج ساڵی ڕێک لە دژیان دەجەنگێت تا ئەو کاتەی خۆرگیرانێک ڕوو دەدات و دەبێتە هۆی ئەوەی هەردوولا بیر لە ئاشتی و کۆتایی هێنان بە جەنگ بکەنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش دوو کەس لە کیلکیا و بابل دەبنە نێوەندگیریان و بۆ ئاشتبوونەوەی تەواوەتیش ئالیاتیسی پاشای لیدیا کچەکەی خۆی بە ناوی "ئاڤرین" لە "ئاستیاگ"ی کوڕی کەیخەسرەو مارە دەکات.

   کەیخەسرەو دوای نزیکەی چل ساڵ لە فەرمانڕەوایەتی مادەکان، کۆچی دوای دەکات و ئاستیاگی کوڕی جێگای دەگرێتەوە.

 

سەردەمی فەرمانڕەوایەتی ئاستیاگ (داڕوخان)

   ئاستیاگ دوای مردنی "کەیخەسرەو"ی باوکی، دەسەڵاتی گرتە دەست و لە ساڵاتی (585 - 550پ.ز) حوکمی دەوڵەتی مادی کردووە. ئاستیاگ ئیمپڕاتۆریەتێکی فراوان و بەهێزی لە باوکیەوە بۆ بەجێما، بەڵام بەهۆی لاوازی و بێتوانایی و خەیاڵ پڵاوی خۆیەوە نەیتوانی پارێزگاری لێبکات. ئاستیاگ هەمیشە ترسی لەوە هەبوو کەسێک دەسەڵات و تاجەکەی لێ زەوت بکا، هەمیشە لە دودڵیدا دەژیا، زۆر باوەڕی بە خەون و ئەفسانەکان هەبوو، ئەو دیاردە فەنتازیانە کاریگەرییان لەسەر بڕیارە سیاسیەکانی هەبوو. وەک مێژوونوسی یۆنانی "هیرۆدۆتس" بۆمان دەگێڕێتەوە ئاستیاگ خەونێک دەبینێ و لە خەونیدا ماندانای کچی میزی کردووە بە خۆیداو لافاوەکەش خاکێکی فراوانی ڕاماڵیووە. ئاستیاگ سۆراغی مانای خەونەکەی لای پیاوانی ئایینی دەکات و ئەوانیش وای بۆ شڕۆڤە دەکەن گوایە ماندانا منداڵێکی دەبێت و ئەو منداڵە تەخت و دەسەڵات لە ئاستیاگ دەستێنێت. دیارە ئەم خەونە کاریگەری لەسەر فکرو هۆشی ئاستیاگ دروست دەکات و زۆر بیری لێ دەکاتەوە تا ئەوەی بە خەیاڵدا دێت کە بۆ ئەوەی ماندانا مناڵێکی ناشایستەو لاواز بێنێتە دنیاوە و نەتوانێ تەختەکەی لێ بستێنێ ئەوا پێویستە شوو بە کەسێکی بێ ئەسڵ و فەسڵ بکات کە لە مادەکان نەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش فەرمان دەدات مێردێکی لەو چەشنە بۆ کچەکەی بدۆزنەوە، تا دواجار کەسێک دەدۆزنەوە بە ناوی کامبیز یان (کەمبۆدی) کە کوڕی کۆڕشی یەکەمی سەرۆک هۆزی هەخامەنشینە فارسەکانە، کامبیز لە بنەماڵەیەکی ڕێزداربوو بەڵام لە ڕووی چینایەتیەوە لە میدیە مام ناوەندەکانیش پلەی نزمتربوو. ئاستیاگ دوای ماوەیەک لە بەشوودانی کچەکەی دووبارە خەونێکی دیکە دەبینێتەوە. لە خەونیدا ماندانای کچی مێوێک لە نێوو لینگیدا ڕوواوە و سەراپای وڵاتی داپۆشیووە، دووبارە پیاوانی ئایینی لە خەونەکەی ئاگادارکردەوەو ئەوانیش هەمان شڕۆڤەی خەنەکەی پێشوویان بۆ کرد، هەر بۆیە ئەویش گەیشتە ئەو باوەڕەی کە دەبێت ئەو منداڵە هەر کە لە دایکبوو بیکوژێت و کۆتایی پێ بهێنێت. ئاستیاگ کە دەزانێ ماندانای کچی نزیکە لەوەی منداڵی ببێت دەنێرێ بەدوایداو هێنایەوە بۆ دەرباری خۆی تا ئەگەر منداڵەکەی بوو زوو دەستی پێیبگات و بیکوژێ. ماندانا ژان دەیگرێ و لە کۆتایدا کوڕێکی دەبێت (کە دواتر بە کۆڕشی دووەم ناو دەردەکات). ئاستیاگ کە هەواڵەکە دەبیستێ خێرا دەنێرێ بە دوای "ئارپاغوس"دا کە یەکێک بوو لە متمانە پێکراوترین پیاوەکانی. فەرمانی پێدا بە زوویی ئەو منداڵە بەرێتەوە بۆ ماڵی خۆی و لەوێ بیکوژێت و لە شوێنێک بینێژێ، ئارپاغۆسیش بێ چەندوچوون منداڵەکەی بردەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام ئەو نەیدەویست بە دەستی خۆی بیکوژێت، بڕیاریدا لای شوانێک دایبنێ و داوای لە شوانەکە کرد بە زووترین کات لەناوی بەرێت، کابرای شوان هێندە نەبوو ژنەکەی مندڵێکی بە مردوویی لە دایک ببوو، لە ژێر کاریگەری ژنەکەیدا منداڵەکە دەشارێتەوەو منداڵە مردووەکەی خۆی نیشانی پیاوەکانی ئارپاغۆس دەدات. کۆڕش بۆ ماوەی دەساڵ لای ئەو خێزانە دەژیەت، بەڵام دواتر بەهۆی ڕووداوێکەوە ئاشکرا دەبێ و ئاستیاگ پێدەزانێ کە ئارپاغۆس فەرمانەکەی بەجێ نەهێناوە بۆیە بڕیار ئەدا بە شێوەیەکی زۆر توند تۆڵەی لێ بکاتەوە شەوێک ئارپاغۆس داوەتی خوانی ئێوارە دەکات، دوای نانخواردن سەبەتەیەکی بۆ دەهێنن گوایە خواردن و میوەیە، بەڵام کاتێک ئارپاغۆس سەرپۆشی سەبەتەکە لادەبات دەبینێ ئەوە سەرو کەلەی کوڕە سیازدە ساڵەکەیەتی، ئاستیاگ بەو شێوەیە تۆڵە لە ئارپاغۆس دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئارپاگۆس زۆر بە ئاسایی خۆیی نیشان دەدات و بە خوێن ساردیەوە مامەڵە دەکات. ئاستیاگ کەوتە هەڵەیەکی گەورەوە چونکە دوای ئەم سزا توندە بەڵام هێشتا ئارپاغۆسی لە پۆستەکەی خۆیدا هێشتەوە، کە ئەوە دواتر بوو بە بەڵایەکی گەورە بۆی و خیانەتی لێکرد. ئاستیاگ کۆڕشی لە یەکێک لە ژوورەکانی کۆشکدا ڕاگرت و نەیکوشت، بەڵکوو بەهۆی ڕێنمایی پیاوە ئاینییەکانەوە دێتە سەر ئەو باوەڕەی تازە کۆڕش ناتوانێ زەرەرێکی پێ بگەیەنێت. هەربۆیە بە ڕێزو شکۆوە کۆڕش دەنێرێتەوە بۆ خاکی پارس و بۆ ناو هۆزەکەی. کۆڕش لەگەڵ گەورەبونیدا هێدی هێدی ڕەنگی پیاوێکی کامڵی دەگرت و لەناو کۆمەڵانی هۆزەکەیدا تا دەهات خۆشەویستتر دەبوو، لەم سەروبەندەدا ڕەوشی سیاسی لە ئەگباتانا تا دەهات نالەبارتر دەبوو، ئاستیاگ بە پێچەوانەی کەیخەسرەوی باوکی لەبری قەدرگرتنی خەڵکەکەی خۆی، ببووە مایەی ئازارو ناخۆشی بۆیان، گەندەڵی و خراپەکاری وڵاتەکەی تەنیبوو، ناهۆشیاری سیاسیش یەکێکی تر بوو لە خاڵە لاوازەکانی ئاستیاگ ئەویش هەر لە زیندوو هێشتنەوەی کۆڕش هەتا لەسەر کار لانەبردنی ئارپاغۆسدا خۆی دەبینیەوە. ئارپاغۆس ئەو ئازارەی لەبیرنەکردبوو، هەمیشە لە هەوڵ و تەقەلای بێ وچاندابوو بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئاستیاگ. ڕۆژانە لەگەڵ گەورە فەرماندەکانی مید و کاربەدەستاندا بە نهێنی کۆ دەبۆیەوەو نەخشەی لەسەرکارلابردنی ئاستیاگی دادەنا، کاتێکیش بە تەواوی ئامادەکاری بۆ ئەو کارە کرد نامەیەکی بۆ کۆڕش ناردوو داوای لێکرد بە سوپاکەیەوە بەرەو ئەگباتانا بکشێت، لە نامەکەدا کۆڕشی دڵنیا کردبۆیەوە کە سوپای میدی لە ژێر ڕکێفی خۆیدایەو بەهیچ جۆرێک بەرهەڵستی کۆڕش ناکەن و دەکشێنەوە. کۆڕش کاتێک ئەم هەواڵەی بیست نامەی بۆ هەموو سەرۆک هۆزەکانی فارس ناردوو کۆیکردنەوە. توانی ڕازیان بکات لە دژی ئاستیاگ ڕاپەڕن و کۆتایی بە دەسەڵاتی میدیەکان بهێنن و گەلی فارس لە ژێر دەستەیی ڕزگار بکەن، ئەوەبوو بە سوپاکەیەوە بەرەو ئەگباتانا بەڕێکەوت. ئاستیاگیش هەڵەیەکی سیاسی گەورەتری کردوو بڕیاریدا ئارپاغۆس بکات بە فەرماندەی سوپاکەی، ئارپاغۆسیش لەسەر ئەو بەڵێنەی لە نامەکەدا بە کۆڕشی دابوو، بێ بەرگریەکی ئەوتۆ کشایەوە، سوپای فارسەکان کە لە سەرەتادا ترس دایگرتبوون کاتێک بینیان میدیە جەنگاوەرەکان لەبەریان هەڵدێن ورەیان بەرز بۆیەوە و زیاتر گوڕی سەرکەوتن کەلەی داگرتن. ئاستیاگ کاتێک هەواڵی شکستەکەی بیست بڕیاریدا گەنج و پیری ئەگباتانا چەکداربکات، لەدەرەوەی شار خۆی سەرکردایەتی شەڕی کرد لە دژی کۆڕش، بەڵام توشی شکستێکی گەورە هات و زۆربەی سوپاکەی بە کوشت چوون و خۆشی بە دیلی گیرا.

   کاتێک ئارپاغۆس بەو شێوەیە ئاستیاگی بینی دەستیکرد بە سوکایەتی پێکردن و جنێو پێدانی، ئەو شەوەی بیرخستەوە کە بۆ خوانی ئێوارە داوەتی کردبوو، بە ئاستیاگی وت لە تۆڵەی ئەو کارەدا پشتیوانی کۆڕشم کرد. ئاستیاگیش وەرسوڕایەوەو سەیرێکی کردوو پێی گوت (ئارپاغۆس تۆ نەفامترین و نادادپەروەرتین مرۆڤی ئەم جیهانەی، بێ ئەقڵیەکەت لەبەر ئەوەیە کە خۆت دەتتوانی ببیە پادشا، بەڵام نەفامانە دەسەڵاتت داوەتە دەست فارسێک، بۆ خاتری تۆڵەکردنەوەیەکی شەخسی خۆت تەواوی خەڵکی میدت کردە کۆیلەی فارسەکان) دوای ئەم شکستە ئاستیاگ بە دەستبەسەری لای کۆڕش مایەوە تا گیانی لەدەستدا. بەم شێوەیە خۆری ئیمپڕاتۆری میدیا ئاوابوو، دوای نزیک بە سەدەو نیوێک لە فەرمانڕەوایی خاکێکی فراوان و چەندین نەتەوەی جیاواز، لە کۆتایدا بەهۆی نەفامی و بێ باکی و نەزانی سەرکردەکانیەوە کۆتایی پێهات و لەناوچوو.

 

دەرئەنجام

   مێژووی ماد بۆ ئێمەی کورد پڕاوپڕە لە پەندو ئامۆژگاری بە تایبەت بۆ ڕێبەران و سەردارانی گەلەکەمان. لەم مێژووە دێرینەی گەلەکەمانەوە زۆر شتمان بۆ ڕووندەبێتەوە. ئێمە ئەگەر ئەو بەسەرهات و ڕووداوانە بکەینە تای تەرازویەکەوە، بەشی هەرە زۆری لەگەڵ دنیای ئەمڕۆماندا یەک دەگرێتەوە. بڕوانن یەکێتی و ژیری گەل چۆن دەتوانێ سەرکردەی شایستە بەرهەم بهێنێ، کاتێک خەڵکی میدیا بە ژیری و تێگەیشتوویی خۆیان متمانەیان بە دیاکۆدا تا فەرمانڕەوایەتیان بکات، بەو کارە جگە لەوەی دادپەروەرییان بۆ خۆیان مسۆگەرکرد، هاوکات نەژادی خۆشیان بەرەو پلەیەکی باڵاو شکۆدار برد. هەر سەرکردەیەکیش لەپێناو گەلەکەیدا تێبکۆشێ و نەبەردانە لە پێناویدا خەبات بکات، وە واقعیانەو ژیرانە پلان بۆ کارەکانی دابنێت، ئەوا وەک کەیخەسرەوی مەزن ناوی دەچێتە مێژووەوەو نەوە لە دوای نەوە بەو پەڕی شانازیەوە ناوی دێنن. بەڵام ئەگەر حیساب بۆ واقیعی ڕۆژ نەکات و ژیرانە هەنگاو نەنێت، چەنێک دڵسۆزیش بێت لە کۆتایدا وەک فراوەرتیس ژیانی خۆی و چارەنووسی وڵاتەکەشی دەخاتە مەترسیەوە. بێگومان سەرکردە ئەگەر وەکوو ئاستیاگیش ڕووبکاتە خۆشڕابوێری و بێ ئاگابێ لە دۆخی خەڵکەکەی و ڕۆڵەی نیشتیمانەکەی خۆی بە کەم ببینێ، ئەوا جگە لە تیابردنی خۆی و وڵاتەکەی، لە کۆتایدا وەک سەرکردەیەکی نەفام و ستەمکاریش ناوی لە دوو توێی لاپەڕەکانی مێژوودا تۆمار دەکرێت.

 

سەرچاوەکان:

١- دکتۆر جمال ڕشید - دکتۆر فوزی ڕشید : مێژووی کۆنی کورد، وەرگێڕانی: ملکۆ کەلاری، چاپی پێنجەم، چاپخانەی ئەندێشە، ٢٠١٩.

٢- هیرۆدۆت: مێژووی جەنگی پارسەکان، وەرگێڕانی: عەلی فەتحی، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی موکریانی، هەولێر، ٢٠١٣.

٣- د. ئەحمەد مەحمود ئەلخەلیل: مەملەکەتی ماد، وەرگێڕانی: حەمەسەعید کەلاری، چاپی یەکەم، چاپخانەی موکریانی، هەولێر، ٢٠١٣.

٤- سۆران حەمەڕەش: کورد کێیە؟، چاپی یەکەم، لەندەن، ٢٠١٣.

٥- ئاکۆ محەمەد میرزادەیی: مێژووی دێرینی کورد، چاپی دووەم، چاپخانەی نووسینگەی تەفسیر، هەولێر، ٢٠٢٠.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield