پەیوەندی ئافرەت بە میراتەوە لەڕووی ئاینی ئیسلامەوە:

بڵاوکردنەوە:

شادی غەفوور

نووسەر:

شادی غفور

بینراو:

1587

بەش:

کۆمەڵایەتی

میرات چیە؛ میرات ئەو كاتە پێی دەگوترێت كە كەسەكە وەفات دەكات و سەروەت و سامانی لە دوا بەجێمابێت، هیچ شتێك نییە بە ناوی میرات پێش مردنی كەسەكە ماڵ بەش بكرێت، ئەوەی دەكرێت بۆ بنبڕكردنی كێشەیە، یان كەسەكە هەست دەكات دوای مردنی خۆی كچەكان لەلایەن كوڕەكانەوە بێبەش دەكرێن، ئەوكات كەسەكە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەشێك لە ماڵەكەی دابەش دەكات بە سەر كوڕ و كچ و خێزانی و بەشێكی بۆ خۆی هەڵدەگرێت بۆ خەرجی خۆی، بەڵام دەبێ دادپەروەری لە بیر نەكات، بەڵام  بەشێوەیەکی گشتی دوای مردنی کەسەکە میراتەکەی بەش دەکرێت.

ئەوەی وای کردووە ئافرەت نیوەی پیاو میرات وەربگرێت ئەوەیە کە ئیسلام خەرجییەکانی ژنی خستووەتە ئەستۆی پیاو، چ کچی بێت یان خێزانی بێت، ئەوە بێجگە لە خانوو و خۆراك و جلوبەرگ و داوودەرمان و هەندێك شتی دیکە...

تەنانەت ئەگەر ژنەکە دەوڵەمەندیش بێت ئیسلام داوای لێ نەکردووە خۆی خەرجییەکانی خۆی دابین بکات، هەروەکو ئەگەر ژنەکە مرد خەرجییەکانی کفن و شوشتن و پارەی کڕینی زەوی بۆ گۆڕەکەی لەسەر پیاوەکەیەتی. لێرەدا دەردەکەوێت پیاو هەموو ئەو خەرجییانەی ژنەکەی و ماڵ و منداڵەکەی و دایك و باوکی لە ئەستۆ دەگرێت، تەنانەت ئەگەر خوشکی هەبوو و کەس نەبوو بژێوییان دابین بکات، پێویستە لەسەری خەرجییەکانیان لە ئەستۆ بگرێت، ئەوە بێجگە لە چەندین بەرپرسیارێتی دیکە کە دەکەونە ئەستۆی پیاو.

هەرچەندە بەشە میراتەکەی بەراورد بە بەشە میراتی پیاو کەمترە، مانای کەمکردنەوە نییە لە شکۆی ئافرەت و بە کەم تەماشاکردنی مرۆڤبوونەکەی نییە، ستەمکردنیش نییە لە مافەکانی، چونکە پیاو لە ھەموو بارودۆخێک لەسەری پێویستە کە مافی ئەو ئافرەتەی لەئەستۆیەتی بدات.

ئەگەر خوشك یان برایەك كە باری دارایی باش بێت، دەكرێت میراتەكەی بداتە خوشك و براكانی و زۆر ئاساییە ئەگەر بە ئارەزووی خۆی بێت و هیچ جۆرە زۆرلێکردنێکی لەسەر نەبێت.

زەوتكردنی ئەو بەشە میراتە لەژێر هەر بیانوویەك بێ، ئەوە زەوتكردنی مافی كەسانی دیكەیە و ئیسلام رەتیدەكاتەوە. ئەگەر برایەك حاشا لە خوشكێك بكات لەسەر بەشە میراتی خۆی، براكە گوناهبارە و حاشای لە ئایەتی خودا كردووە كە مافی ژنی تێدا دیاری كردووە، ئەمەش لەلای خوا سزای خۆی هەیە.

دروست نیە زۆربكرێـت لە كچان بۆ ئەوەی دەستهەڵبگرن لە بەشە میراتی حەقی خۆیان بۆ براكانیان و ئەمەش خوو و نەریتێكی خراپ و ناپەسەندە، تەنانەت لەشەرما واز لەبەشی خۆیان بهێنن ئەمەش نزیكە لە ناچاركردنەوە، بۆیە وێنەی ئەم كارە دروست نیە. بەڵكو خوای گەورە بەشە میراتی كچانی دیاری كردووە وبڕیویەتیەوە وەكو دەفەرموێت: ‏{‏يُوصِيكُمُ اللَّهُ فِي أَوْلاَدِكُمْ لِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الأُنثَيَيْنِ فَإِن كُنَّ نِسَاءً فَوْقَ اثْنَتَيْنِ فَلَهُنَّ ثُلُثَا مَا تَرَكَ وَإِن كَانَتْ وَاحِدَةً فَلَهَا النِّصْفُ‏}‏ ‏[‏سورة النساء‏:‏ آية 11‏‏‏]‏،

دروست نیە و نابێت ئافرەتان لاواز بكرێن و پیاوان زاڵ بن بەسەریاندا و بەشەمیراتییان ببەن ئەگەریش بەشێوەی پێبەخشین بێت لەلایەن خۆیانەوە، چونكە لەوكاتەدا بەخشینەكە بەدڵ نیە و بەڵكو لەشەرمایە.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield