بەخێربێن بۆ ناوەندی پەڕنووس

بڵاوکردنەوە:

ناوەندی پەڕنووس

نووسەر:

زنار بابەکر

بینراو:

2915

بەش:

پەڕنووس

ناوەندی پەڕنووس بریتییە لە ناوەندێکی خۆبەخشی بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی تاک و بڵاوکردنەوەی زانستوزانیاری بۆ بوژاندنەوەی هەستی زانخوازی لەناو کۆمەڵگەی کوردی.

بەر لە زانستوزانیاری، ئەوەی کە گرنگتر و لەپێشترە بریتییە لە حەز و خولیا بۆ فێربوون. بۆیە، ناوەندی پەڕنووس هەوڵدەدات کە ئەندامان – زۆرینەی نەوەی نوێ و لاوی تازەپێگەیشتوو – لەڕێگەی کار و بەرهەمەکانی خۆیان لە بواری خوازراو و دڵخوازی خۆیان، لەسەر بنەمایەک پەروەردە بکات کە هەمیشە هەڵگری پاڵنەرێکی ناوەکی بن بۆ فێربوون و گەشەکردن. پاشان، بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەوڵە خودییانەیان لە فێربوون و گەشەسەندن، سەرجەم خوێنەران و شوێنکەوتووانی ناوەندی پەڕنووسیش بە هەمان شێوە لێیەوە سوودمەندبن. کەوابێت، هەروەکوو ڕوونە، کاری سەرەکی و بنچینەیی ناوەندی پەڕنووس لەسەر کەمینەی ئەندامانە، نەک زۆرینەی خوێنەران.

ئەم شێوازەی کارکردن لە ناوەندی پەڕنووس، بە بڕوای ئێمە – بەداخەوە – ڕەنگدانەوەی هەڵکەوتەی کۆمەڵگەی هاوسەردەمی کوردییە. ئێمەی نەوەی سەردەمی سەدەی بیست و یەکەم، لە کۆمەڵگەیەکی کوردی زانستخوازدا ناژین. بۆیە، چاوەڕێی ئەوەش ناکەین کە باوەشێکی گەورەمان بەڕوودا بکرێتەوە. بەڵام، هێشتاش، ئەوە واتای ئەوە نییە کە کۆمەڵگەی کوردی خاڵییە لە زانستخواز، نەخێر! بەپێچەوانەوە، تەنها ئەوەیە کە دامرکراو و ونبوون، بەداخەوە. ئەگەر بتوانرێت لە پێگەیەکی وەکوو ناوەندی پەڕنووس لە یەکتر کۆبکرێنەوە، ئەوە خێزانێکی زانستخواز پێکدەهێنن کە هەل دەرەخسێنێت بۆ هەر ئەندامێکی ناو ئەم خێزانە تا بە هاوکاری یەکتر هەنگاو بەرەوپێش بنێن لەسەر ڕێچکەی زانخوازی خۆیان، هەروەها لە داهاتوو داڵدەیەک بۆ داچەقاندنی درەختێکی زانستخواز بنیاتبنێن بۆ پەلگرتن بەناو کۆمەڵگەی کوردیمان.

ئەو ڕێگە و نەخشانەی کە ناوەندی پەڕنووس دەیگرێتەبەر لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکان، یەکەمینیان بریتییە لە نووسین و بەکارهێنانی هێزی نەمر و دوانەهاتووی پێنووس. ئەم نووسینانەش، دەکرێت هەر یەکێک لە شێواز و جۆرە جیاوازەکانی نووسین بگرێتەوە، ئازادانە بەپێی هونەر و توانستەکانی نووسەر، خۆی. کەوابێت، باڵاترین پێگەی ئەندام لە ناوەندی پەڕنووس، بریتییە لە نووسەری بەتوانا. لەدوای نووسەریش، وەرگێڕ – ئینجا لە هەر زمانێک – بە پێشکەشکردنی هەر بابەتێکی خوازراوی وەرگێڕدراو دەتوانێت گەورەترین پێگەی خۆی لەناومان بنیاتبنێت. پاشان، ئەگەر هەر پێشکەشکردنێکی بابەت بە نووسەری و وەرگێڕی لە پێشینەدابێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە لەدوای ئەمانە دەبێت ئەندامی هەڵەچن و هەڵەبڕ بۆ کاری ڕێزمانی و ڕێنووسیی بابەت سەروەری خۆی بنوێنێت. لە کۆتاییشدا، ئەو ئەندامانەی تر هەیە کە بە هونەر و توانستە بێهاوتاکانیان، دەتوانن خۆیان بنوێنن بۆ خزمەتی پێشکەشکردنێکی جوانتر و گەورەتر لە بابەتەکانی نووسەران و وەرگێڕان، وەک نەخشەساز بۆ نەخشاندنی وێنەی دڵخواز؛ تەکنیککار بۆ کاری گرتە ڤیدیۆیی ئامادەکراو؛ لەگەڵ ئەوانەی کە کاری دەنگی دەکەن بۆ خوێندنەوەی بابەتەکان هەر لە ئامادەکردنی گرتە ڤیدیۆییەکان.

تا ئێستا، تەنها ئەم جۆرە ئەندامانە لە ناوەندی پەڕنووسدا هەیە. بەڵام، پێویستە ئەوە زانراوبێت کە ئەو ڕوواڵەتەی ناوەندی پەڕنووس دەینوێنێت لە پێشکەشکردنی کار و چالاکییەکان، بەندە بە بەهرە و توانای خودی ئەندامان. بۆیە، ئەگەر هاتوو هەر ئەندامێکی تر بە هەر بەهرە و توانایەکی جیاوازەوە پێی نایە ناومان، ئەوە بەدڵنیاییەوە گەورەییەکی تر بە شێوازێکی جیاوازتر بە ناوەندی پەڕنووس دەبەخشێت. ناوەندی پەڕنووس هەرگیز سنووردار نەکراوە لە چوارچێوە هەرجۆرە چالاکییەکی دیاریکراو، بەڵکوو تەنها و تەنها بەندە بە هەوڵی ئەندامان لە پێشکەشکردنی کار و چالاکییە جۆربەجۆرەکانی خۆیان.

ناوەندی پەڕنووس، هەمیشە، دەرگەی بەڕووی هەر کەسێکدا کراوەیە کە خوازیارە خۆبەخشبێت و لەم ئەرکە پیرۆزەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریدا هاوکارمان بێت. ئەگەر تۆ، خاوەن هەر بەهرە و توانایەکیت کە دەزانیت دەتوانێت سوودمان پێبگەیەنێت، هەروەها خاوەن هەستێکی خۆبەخشی و پاڵنەرێکیت بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە بەو درووشمەی کە ناوەندی پەڕنووس بەرز ڕایدەگرێت، ئەوە هەر کات و ساتێک بێت تۆ دەتوانیت پەیوەندیمان پێوە بکەیت و دەستمان بگریت لەسەر ئەو ڕێگەیەی کە گرتوومانەتەبەر بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەکەمان و هەروەها خۆشمان بە هەمان شێوە! هیچ کام لە ئێمە نایاب نییە و گشتمان کەموکوڕی خۆمان هەر هەیە، بەڵام، لانیکەم توانای خزمەتکردنمان بە ڕێگەیەک هەیە و پڕبەتوانا پشتی یەکتر دەگرین و هەوڵدەدەین بۆ ناوەندی پەڕنووس بەیەکەوە. گشتمان، ئامانجی دیاریکراوی خۆمان لە ژیاندا هەیە، پەیامی تایبەتی خۆمان بۆ کۆمەڵگە پێیە و هەروەها بەهرەی خۆمان هەیە بۆ دەرخستن لەم کۆمەڵگەیە. بۆیە، هەموومان بەیەکەوە کاردەکەین و گەشە بە ناوەندی پەڕنووس دەدەین. لە بەرانبەردا، لەو هەوڵانەی کە بۆ گەشەسەندنی ناوەندی پەڕنووس خۆمان بۆی تەرخان کردووە، دەردەکەوێت کە لە بنەڕەتدا جگە لە خودی خۆمان و ئەندامانی هاوخێزانمان پەرەمان بە هیچی تر نەداوە.

 

بۆ بەرچاوڕوونی و وەرگرتنی شەقڵێکی وردتر لەسەر ناوەندی پەڕنووس لەپێناو ئاشناییەکی زیاتر، ڕێنماییتان دەکەین بۆ خوێندنەوەی چەند نووسراوێکی تر لەم بەستەرانەی کە ئاماژەی پێدراوە لە خوارەوە ...

(تێبینی: خوێندنەوەی هەر یەکێک لەم بەستەرانەی خوارەوە مەرجە بۆ هەر ئەندامێک لەناو ناوەند.)

بەشە دەستنیشانکراوەکان بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتەکان.

ڕوونکردنەوەیەک لەسەر شێوازی بڵاوکردنەوەی بابەتەکان.

ئەندامانی کارا و دیار لە ناوەندی پەڕنووس.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield