سیمرغ

بڵاوکردنەوە:

هاوڕێ جەلال

نووسەر:

هاوڕێ جەلال

بینراو:

1608

بەش:

زمان

کورد؛ هەمووی یەک، دوو ڕۆژێکە؛ نەوا(پەرا:خزمەت)٭ی زمانی خۆی دەکات (لە چاو نەتەوەکانی تر)، کاتێکیش دەستی داوەتە نەواکردن بە زمانەکەی؛ بە ترسولەرز و شەرمنانە و لەژێر کاریگەریی ڕاوبۆچوونی دوژمنەکانی و بە هەستێکی تەواو خۆ بە کەمزانین؛ یان خۆ بە هیچ نەزانینەوە؛ دەستی داوەتێ! پێی وا بووە؛ هەرچی وشەیەک؛ پیتی (غ)ی تێدا بێت؛ بێ چەندوچوون؛ کوردیی نییە! وشەی ئاغا؛ کوردیی نییە و مەغۆلییە! وشەی یاپراخ؛ کوردیی نییە و تورکییە! وشەی سیمرغ؛ کوردیی نییە و فارسییە! وشەی قەرەباڵغ؛ کوردیی نییە و تورکییە!... فەرمایشتی لەم جۆرانە؛ زۆروزەوەندن! بەڵام کە دەچیتە بنجوبناوانی وشەکان؛ هیچێکیان؛ وەک زمانی کوردیی؛ بنەڕەت و پێکهاتەی ئەو وشانەیان تێدا ڕوون نییە!

پێشتر؛ باسی ئەو وشانە و چەندی تریشم کردووە. ئەمجارەیان؛ نۆبەی وشەی (سیمرغ)ە.

 

وشەی سیمرغ؛ وشەیەکی کۆنی کوردییە، وشەیەکی لێکدراوە.

سی: سە، سەی، سیە، سەگ

مرغ: باڵندە، مەل

واتای وشەکەش؛ (سەگی باڵدار) یان (سەگمەل)ە.

وشەی سیمرغ؛ لە زمانی کوردییەوە؛ چووەتە ناو زمانەکانی ترەوە. میناک(نموونە)؛ ئەوە وشەی (سیمرغ)ە؛ چووەتە لای ڕووسەکان و بووە بە سیمەرگل simargil

وێنەی (سیمرغ)یش؛ ڕێک ئەوەیە کە دامناوە!

بەداخەوە؛ وێنە و وێنای سیمرغ؛ بە هەڵە گەیشتووەتەوە بە خۆمان!

هەتا ئێستا؛ ناو و وێنە و پێناسەی (سیمرغ)؛ لەگەڵ (هوما)دا تێکەڵ کراوە. پێویستە؛ چیدی ئەو چەوتییە؛ قنج بکەینەوە و مینای دوو بوونەوەری ئەفسانەیی جودا؛ مامەڵەیان لەگەڵ بکەین. (پێشتر خۆم کەوتوومەتە هەمان هەڵەوە. چۆن نەکەوم؟! ڕێ تاریک و پڕ کەندولەند و بێ ڕێبەر!)

دەمەوێت؛ ئاماژەیەک بە وشەی (مرغ) بدەم.

وشەی (مرغ)؛ چەندین شێوەی تری هەیە، وەک: (مرخ، مەرخ، مەرغ، مورخ، مەرک، مەلەغ،....) هەموو ئەمانە؛ گۆڕاوی یەکترن. ئەویش بە هۆی پێکگۆڕانی باوی نێوان پیتەکانی (خ، ک، غ)ەوە.

بۆیە هەر تەنیا وشەی سیمرخ؛ بە نزیکەی ۱۰ شێوەی تر؛ هەیە. لەوانە: (سیمەرخ، سیمورغ، سیمەرغ،...)

کۆنترین شێوەکانی وشەکە؛ بریتین لە: (مەرغ، مەرگ، مەلەخ، مەلەک).

وشەی (مەلەک)؛ دواتر بە مانای (فروخ، پەری، فریشتە) بە کار هێنراوە. ئەمەش لەبەرئەوەی وتراوە؛ فریشتەکان؛ باڵیان هەیە و دەفڕن.

واتە وشەی مەلەک؛ کوردییە و چووەتە ناو زمانەکانی تر.

وشەیەکی وەک (مەلەک تاوس)؛ لە بنەڕەتدا؛ مانای (مەلی تاوس) دەدات. پاشان مانای فریشتەی تاوسی بە بەردا کراوە.

وشەی مەلەک؛ به شێوەکانی (مەلکە، مەڵکە، مەلەکە)ش هەیە و بووشن بە ناوی ئافرەت.

لە زمانی عەرەبییدا؛ وشەکە گەردان کراوە. (ملك) تاکە وەک (ملك الموت). (ملائكة، ملائك)یش؛ کۆیەکەیەتی.

ئەگەر فریشتەش بە مورغ (پەلەوەر، باڵدار، باڵندە) دانەنراوە؛ ئەدی تۆ پێم بڵێ؛ (مورغی ئامین) چییە؟ مەگەر فریشتە ناگرێتەوە؟!

هەروەها پێم وایە؛ هەمان وشەی (مەلک)ە کە مەزەندە دەکەم؛ شێوەی (مولک)یشی هەبووبێت. کە جێگۆڕکێی پیتی کردووە و بووە بە (مۆکڵ). ئەگەر سەیری هەندێک فەرهەنگ بکەین؛ وشەی (موکڵ، مۆکڵ)؛ بە هەڵە بە جنۆکە دانراوە. بەڵام ڕاست ئەوەیە؛ موکڵ؛ فریشتەیە.

با سەیری فەرهەنگی مەردۆخ بکەین:

مۆکڵ ئاو: فریشتەی ئاو

مۆکڵ ئاگر، مۆکڵ با، مۆکڵ ئایین، مۆکڵ ئاسایشت، مۆکڵ باران، مۆکڵ خاسیی (خۆشیی)، مۆکڵ خراویی (بەدیی)، مۆکڵ دارگەل (داران)، مۆکڵ دنیا (گێتی)، مۆکڵ ڕۆزی (میکائیل)، مۆکڵ چوارپا (پاژەڵ)، مۆکڵ مردن: ئیزرائیل، گۆنگیر، گیانکەنکە، مۆکڵ مانگ: فریشتەی مانگ، مۆکڵ زەوین

گومانیش دەبەم؛ هەر وشەکانی (مۆکڵ) و (مەلەک)ن؛ کە لە زمانی عەرەبییدا بوونەتە (ملك: پادشا) و (مُوَکِّل: سەروێست)، هەروەک ئەوەی کە وشەی (میر - ئەمیر)ی کوردیی؛ چووەتە ناو زمانی.  عەرەبیی بە (ٲمیر) هاوشێوەی ئەمیر؛ (سپۆن - ئەسپۆن) (صابون) (نوا - ئەنوا) (ٲنوا)

ماوەتەوە بڵێم؛ پێکهاتووی وشەی (مرغ، مەرخ، مەلەک) لای من بەم جۆرەیە:

مەل+اک:اخ، اغ

وشەکانی (مەل، پەل، باڵ)؛ هەر یەک شتن. باشترین ڕوونکەرەوە؛ وشەی (مەلەوەر)ە (فەرهەنگی کاوە)

 

(اغ، اک، اخ، اق، اگ، ەک، ک)؛ پاشگرێکە؛ لە کۆندا زۆر باو بووە، هەتا ئێستاش بەسەر زۆر وشەوە ماوەتەوە، بۆ وێنە: (سۆراغ، مشتاخ، بەرزەخ،  ئاپراغ/یاپراخ، شۆرەک، دەستەک، ڕوون/اک، دا/ک، باو/ک،....)

 

تێبینیی:

هێندەی بزانم؛ ئە وتارە؛ یەک هەڵەی ڕێنووسی تێدا نییە. ئەگەر هەڵەیەکی ڕێنووست دۆزییەوە. بیکە بە دیاریی و بیدەرەوە بە نووسەرەکەی.

 

پەراوێز:

٭وشەی نەوا؛ کە واتای خزمەت دەدات، هەمان وشەیە؛ کە لە (نەواکار، نۆکەر)دا هەیە، بە مانای خزمەتکار.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield