مایتۆکۆندریا، دیاریێک لە لایان دایکمەوە

بڵاوکردنەوە:

موحەممەد ئیبراهیم

نووسەر:

موحەممەد ئیبراهیم

بینراو:

1876

بەش:

زانست

لەم رۆژانەی ڕابردوو دا، پێداچوونەوەیێکم کرد بە پێکهاتەی خانەی مرۆڤ و کارو چاڵاکی ئەندامۆچکەکانی نێو خانەی مرۆڤ. سەرنجم خستە سەر بەشێکی گرنگی خانە کە بەرپرسە لە بەرهەم هێنانی وزەی کیمیایی بۆ ئەنجامدانی کارلێکە بایۆکیمیاییەکانی خانە ، ئەمیش ئەندامۆچکەی مایتۆکۆندریایە.

مایتۆکۆندریا ئەندامۆچکەیێکی دوو پەردەیی شێوە هێلکەیی بچووکە، کە قەبارەکەی دەگاتە (٠.٥تا ٠.١٠) مایکرۆمەتر، دەکەوێتە نێو سایتۆپلازمای خانەی مرۆڤ واتا دەرەوەی ناوکی خانە. لە هەر خانەیێکی مرۆڤدا بە ڕێژەی ١٠٠٠ تا ٢٥٠٠ مایتۆکۆندریا هەیە، وە ئەم ڕێژەیە بەندە لەسەر جۆری خانە، وکار و چاڵاکی خانەکە. بۆ نموونە لە هەر خانەیێکی جگەر دا ١٠٠٠ تا ٢٠٠٠ مایتۆکۆندریا هەیە، لە هەر خانەیێکی دڵە ماسوڵکە نزیکەی ٥٠٠٠ مایتۆکۆندریا هەیە، وە بە ڕێژەیێکی زۆر زیاتر لە گەمێتە خانەکانی مرۆڤ دا هەیە، بەڵام لە خرۆکە سوورەکانی خوێن RBCs هیچ مایتۆکۆندریایێک نیە. چونکە مایتۆکۆندریا بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی وزە، وە ئۆکسجین بەکاردەهێنێت لە چاڵاکی بەرهەمهێنانی وزە. بەڵام خانە سوورەکانی خوێن بەرپرسە لە گواستنەوە و گەیاندنی ئۆکسجین بە شانەکان، نەک بەکارهێنانی ئۆکسجین.

مایتۆکۆندریا ئەو ئەندامۆچکەیەیە لە نێو خانەی  زیندەوەری ناوک ڕاستەقینە دا، کە زۆرینەی کارلێکە کیمیاییەکانی خانەی تێیدا ڕوودەدات. وە هەڵدەستێت بە گۆڕانی ئاوێتە ئەندامییەکان (خۆراک) بۆ وزە ATP لە رێگای کرداری خانە هەناسە Cellular Respiration ، دوای ڕوودانی چەندین کارلێکی کیمیایی ئاڵۆز. بۆیە ئەو خانانەی کە چاڵاکی زیاترە ژمارەیێکی زیاتر مایتۆکۆندریای هەیە، بۆ نموونە ماسوڵکە خانەکان ژمارەی مایتۆکۆندریایان زیاترە لە چەوریە خانەکان.

مایتۆکۆندریا کارگەی بەرهەمهێنانی وزەی  ATPلە نێو خانەدا ،و جگە  لەم فەرمانە چەندین فەرمانی تری هەیە، وەکو کالیسیۆم بۆ هەندێک جۆرە چاڵاکی خانەکان هەڵدەگرن، وە گەرمی بەرهەم دێنێ، و ڕۆڵی هەیە لە چەندین زیندە چاڵاکی تری خانەکان.

ئەم ئەندامۆچکەیە ڕیزبەندی DNA ی تایبەت بە خۆی هەیە جیا لە DNA ی ناوکی خانە، کە پێی دەڵێن مایتۆکۆندریاڵ دی ئێن ئەی (mtDNA)، مایتۆکۆندریاڵ دی ئێن ئەی شێوەیێکی بازنەیی هەیە و لە شانزە هەزار و شەست جووت بەیس پێکدێت. و مایتۆکۆندریا ٣٧ جینی لە جینۆمی مرۆڤدا هەیە.

بەڵام ئەوەی سەیرە و سەرنجی منی ڕاکێشا، ئەوەیە کە مایتۆکۆندریا و مایتۆکۆندریاڵ دی ئێن ئەی  (mtDNA) تەنها لە هێڵی دایکەوە دەگوازرێتەوە بۆ کۆڕپەڵە نەک لە باوکەوە. پڕۆسەکە بەم شێوەیە دەست پێدەکات، مایتۆکۆندریال دی ئێن ئەی مایتۆکۆندریای پیاو لە کلکی تۆ (سپێڕمی) پیاودا هەیە، وە لە هێلکەی ئافرەت لە سایتۆپلازمەکەی دا هەیە. بۆیە لە کاتی کرداری پیتین، ئەم دوو گەمێتە کە بەیەک دەنووسێن، مایتۆکۆندریای هەر گەمێتێک هەوڵ دەدات DNA یەکەی بگەیێنێت بە وەچەی دواتر، بەڵام کلکی تۆ ناچێتە نێو هێلکەوە،  واتا تۆ لە کاتی پیتاندنی هێڵکە مایتۆکۆندریاکەی فڕێدەدات بەڵام هێڵکە (گەمێتە خانەی مێ) دەیپارێزێت، بەم شێوەیەش ئەو کۆڕپەڵەیەی کە درووست دەبێت هەموو مایتۆکۆندریاکەی لە دایکەوە وەرگرتووە، واتا هەموو (mtDNA)ی لە هێڵی دایکەوە بۆ ماوەتەوە. وە ئەم میکانیزمە یارمەتی زانایانی داوە لە جیاکردنەوەی مێیە گەمێت و نێرە گەمێت.

هەر چەندە لەم دواییانەدا لە ساڵی ٢٠١٨ توێژینەوەیێک بەڵاوکرایەوە لە (PNAS) لایان توێژەرانی سەنتەری پزیشکی نەخۆشخانەی منداڵانی سینسیناتی لە ئەمریکا کە ئاماژەی بەوە دەکرد کە هەندێک مایتۆکۆندریا لە هێڵی باوکەوە گواستراوەتەوە. بەڵام لە لایان تیمێک لە توێژەرانی زانکۆی کامبریج  لێکۆڵینەوەیێک ئەنجام دەدەن لەسەر ئەم بابەتە کە بە بەشداری زیاتر لە ١١٠٠٠ خێزان وە پشت راست دەکەنەوە کەوا (mtDNA) تەنها لەرێگای دایکەوە دەگوازرێتەوە، وە دەڵێن لەوانەیە ئەو توێژەرانە ئەنجامێکی هەڵەیان دەست کەوتبێت.

تێکچوون لە کار وچاڵاکی مایتۆکۆندریا چەندین نەخۆشی درووست دەکات وەکو پارکینسۆن و ئالزەهایمەر. وە کەڵەكەبوونی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە مایتۆکۆندریاڵ دی ئێن ئەی ڕوودەدات بە درێژایی تەمەنی مرۆڤ، لەلایان زانایانەوە گومان دەکرێت ڕۆلی گرنگ بگێڕێت لە پیربوون دا، هەروەها لە گەشەکردنی هەندێک شێرپەنجە و نەخۆشیەکانی تردا.  وە بۆماوەیی دایک (mtDNA) زۆر گرنگە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر پەرەسەندن و کۆچی مرۆڤ. و نەبوونی مایتۆکۆندریا هەموو ئەم چاڵاکییە گرنگانەی  لەش ڕادەگرێت!

سوپاس دایە، تۆ شتێکت پێدام کە باوکم هەرگیز نەیتوانی...، دیاریێکی ناوازە، بچووکتر لەوەی چاوەکانم بیبینن. دایکانمان ئەو بەشەیان پێداین لە ناو هەر یەکێک لە خانەکانمان کە پێویستمانە بۆ دروستکردنی وزە، و بە بێ ئەو بەشە ناتوانین بژین، مایتۆکۆندریاکان.

 

 

سەرچاوەکان:

https://www.genome.gov/genetics-glossary/Mitochondrial-DNA

https://www.britannica.com/science/mitochondrion

https://www.americanscientist.org/blog/from-the-staff/thanks-for-the-mitochondria-mom

https://www.ncbi.nlm.nih.gov/books/NBK9896/

https://www.cam.ac.uk/research/news/a-new-route-to-evolution-how-dna-from-our-mitochondria-works-its-way-into-our-genomes

https://www.pnas.org/doi/10.1073/pnas.1810946115

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield