فاتمە ڕەش (قەرە فاتم)

بڵاوکردنەوە:

شادی غەفوور

نووسەر:

شیراز غەفوور

بینراو:

671

بەش:

ئاشنایی

کورد، بەردەوام لە مێژوودا بەوە ناسراوە کە توشی چەندین کوشتار و جەنگ بۆتەوە، هەر لەسەردەمی مەغۆلەکانەوە تاوەکوو ڕژێمی بەعسی داگیرکەر. بەردەوام بوونی کورد لە جەنگ هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی ئافرەتانیش شانبەشانی پیاوان بجەنگن و لە بەرەکانی جەنگبن. لە مێژوودا، کورد زۆر ئافرەتی بەتوانا و بەجەرگی بەخۆیەوە بینیووە. لەوانە (حەپسە خانی نەقیب، لەیلا قاسم، خانزادی سۆران، قەرە فاتم و چەندانی تر). قەرەفاتم، یەکێکە لەو خاتوونە تێکۆشەرانەی کە بە بەردەوامی بۆ ئازادی و سەرکەوتن بەسەر دوژمناندا لە بەرەکانی جەنگ بووە، و جەنگاوە دژی دوژمنانی کورد. قەرە فاتم، کچی (حاجی عوسمان بەگ)ـە، خەڵکی ئاندرینە سەر بە پارێزگای قارەمان مەرعەش بووە، و هاوسەری یەکێک لە ڕێبەرانی عەشیرەتە کوردییەکانی ناوچەی مەراشی ئەناتۆلیا بووە. فاتیمە ڕەش لە پاش دەستگیرکردن و زیندانیکردنی هاوسەرەکەی لەلایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە، خۆی جێگەی دەگرێتەوە. بە هیوای ئازادکردنی هاوسەرەکەی لەلایەک و جوڵاندنی هەستی ئایینی لەلایەکی دی کە ئێران و تورکە عوسمانییەکان بە جوڵاندنی هەستی ئایینی کوردەکانیان دژ بە ڕووسیە (مەسیحی و کافرەکانی) هانداوە، و ویستوویانە سەرۆک عەشیرەت و ئەمیرەکانی کورد بۆ شەڕ لەگەڵ ڕووسەکان هانبدەن. هەروەها، ڕووسەکانیش سوودیان لە هەستی نەتەوایەتی کورد دژ بە عوسمانی و ئێرانی وەرگرتووە. کورد، بەردەوام یاریی دەستی بێگانەکان بووە و بێخەبەر لە خراپیی و دڵڕەقی ئەوان. هەر لەبەر ئەو هۆیانەشە کە قەرە فاتم لەگەڵ زیاتر لە ٣٠٠ جەنگاوەری کورد بەشداری شەڕی قریمە (کریمە)ی کردووە و ئازایەتیەکی بێ وێنەی لەم شەڕەدا نواندووە. لە کاتی هێرشی سوپای جەنەڕاڵ (لێسپانس) لە دۆبرودیا، کەمێک پێش گەیشتنی سوپای هاوپەیمانان بۆ شەڕی کریمە، جەنەڕاڵ لێسپانس لە کاتی جگەرە کێشان لە خێوەتەکەی لەگەڵ چەند کەسێک بوو، کە ئەفسەر بوون لەگەڵ خۆیدا دەنگی مۆسیقایەکی جیاواز و هەمەڕەنگی تێکەڵاو لە کەڕەنای و تەپڵ و دەهۆڵ و دەنگی قیژاندنی مرۆڤ کە لە دوورەوە دەهات. لێسپانس، پرسیاری لە هاوڕێکانی کرد و گوتی ئەو بەزم گێڕیە سەیر و سەمەرەیە لە کوێووە دێت؟ تەواوی پیاوەکانی ناو خێوەتەکە کاتێک ئاوڕیان دایەوە بۆ ئەوەی سەیری بکەن و سەرچاوەی ئەو موزیکە سەیر و نامۆیە دیاری بکەن، دەستەیەک لە پیاوی جەنگاوەریان بینی، کە لە گردێکەوە دێنە خوارەوە و لەوان نزیک دەبنەوە، لە پێشیانەوە ئافرەتێکی دەموچاو ڕەشتاڵەی توند و تۆڵیان دیت کە بریقە لە چاوانی دەهات لەبەر ڕەشی پێستی. هەروەها، لە بەشێک لەکتێب و گۆڤارەکاندا بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی لە (پالمال گزەت) بڵاوبۆتەوە بە کورتی باس لە قەرە فاتم کراوە. بەڵام، تورکەکان و تورکمانەکان حاشا لە کورد بوونی قەرە فاتم دەکەن بە کورد ناوی ناهێنن. هەرچەندە، قەرە فاتم دژی عوسمانیەکانیش جەنگاوە لە ڕاپەڕینی کورداندا. هەروەها، فاتمە ڕەش ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە ڕاپەڕینی (١٨٧٧-١٨٧٨.ز )دا، کە ئەم ڕاپەڕینە بە سەرکردایەتی (عوسمان پاشا و حسێن کەنعان پاشا) کوڕانی بەدرخان پاشا بوو. فاتمە ڕەش لەم ڕاپەڕینەدا سەرکردایەتی هێزێکی ٥٠٠ کەسی دەکرد. بەڵام، بەداخەوە چارەنووسی ئەم ڕاپەڕینەش بێ ئەنجام بوو. سەرکردەکانی کوردیش، بەشێوەیەکی دڕندانە شەهید کران لەلایەن عوسمانیەکانەوە.

بابەتی قەرە فاتم، لە ڕێکەوتی ٨ی نۆڤەمبەری ١٨٨٧ز لە ڕۆژنامەی (پال مال) لە لەندەن چاپکراوە و بڵاوبۆتەوە، بەڵام ناوی نوسەرەکەی دیارنەبووە.

قەرە فاتم لە پاش خانەنشینبوونی دەوڵەتی عوسمانی بە لەبەر چاوگرتنی خزمەتەکانی، مانگانە بڕی ٥٠٠٠ قروشی وەک پارەی خانەنشینبوونی بۆ بڕیەوە. کە بە بڕوای ئەوان بوونی ئەو پارە کەمە بەسە بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی بژی. بەڵام، قەرە فاتم لە ٢ی تەممووزی ١٩٥٥ دا، لە (دارولعەجەزە - خانەی بەساڵاچووان) کە خانەی هەژاران و نەداران بووە، کۆچی دوای کردووە.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield