پاشای شەقام کێیە؟

بڵاوکردنەوە:

شادی غەفوور

نووسەر:

شادی غەفوور

بینراو:

362

بەش:

ئاشنایی

خواناس، کە ناسراوە بە (پاشای شەقام) لە خێزانێکی دیاری چەمچەماڵ و کەرکوک لەدایکبووە. خێزانێکی هونەردۆست و ڕۆشبیری شاری چەمچەماڵن، پابەندی ئایینی ئیسلام بوونە و باوکی خواناس وریا نازم گەلی نوسەرە و تا ئێستا خاوەنی ھەشت بەرھەمە, بەناوەکانی (جێسێکا کچی شیرەکە، مادر بزرگ، کەسێك ئەم كەرە تێبگەیەنێت، ئەو مامم بوو، ئەم برینە ساڕێژ نابێت، ھاوەڵانی ئەشکەوت، چیا لە لوتکەدا، پاسەکەی نەنکم). ھەروەھا, مامی خواناس چیا نازم گەلی وێنەکێش و خۆشنووس بووە, بە نەخۆشی کۆرۆنا کۆچی دوای کردووە، کە کەسێکی زۆر خۆشەویست بووە لەدڵی خواناس دا. خواناس لەدایکبووی ساڵی (١٩٩٨)، تا تەمەنی ٢٥ ساڵی ژیاوە. ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و خاوەنی کوڕێک بووە بەناوی ڕامین. دەرچووی هونەرە جوانەکانە و کەسێکی بەهرەمەندبووە لەبوارەکانی: (ئەکتەر، شێوەکار، شاعیر، پاڵەوانی کۆنگفۆ شاوڵین و یاریزانی ھونەری جەنگی تێکەڵ بووە). ڕۆمانێکی نووسیوە کە لە ئێستادا بڵاونەکراوەتەوە. خواناس, خاوەنی چەندین خەڵاتە لە بوارەکانی ڕۆڵگێڕان و شانۆدا. ساڵی (٢٠٢١) خەڵاتی ئاڵتونی باشترین ئەکتەری کوردستانی بەدەستهێناوە. دواین شانۆگەری کە تێیدا بەشدار بووە (نە کات نە شوێن) بووە. لەو شانۆگەریەدا ڕۆڵی شۆڕشگێڕێک دەبینێت کە دەیھەوێت کۆمەڵگا بگۆڕێت، کە لە کۆتایی شانۆیەکەشدا دەکوژرێت. لەبەر خراپی بارودۆخی خواناس چەندین کاری ئەنجامداوە، لە کۆتا کاریشیدا لەلایەن خاڵۆیەوە ئیشی بۆ دۆزراوەتەوە لە ئیمارات و ماوەیەک لەوێ وەک کارمەند کاری کردووە لە گەراجی ئۆتۆمبێل. پاشان گەڕاوەتەوە کوردستان و تەنها دوای دوو ڕۆژ لە گەڕانەوەی لە ئێوارەی (٢٢)ی حوزەیران لە بازاڕی شاری چەمچەماڵ تیرۆر کرا. لەلایەن ماتۆڕسوارێک کە بە ئاشکرا چوار فیشەکی لەسەری خواناس داوە. هۆکاری کوشتنەکەی دیارنەبووە، و خواناس پێشتر بانگەشەی ئەوەی کردووە کە خەڵکی زۆر دژی ئەون و هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردووە بە بیانووی بیروباوەڕیەوە، کە گوایە خواناس کوڕێکی بێ دین بووە و لەگەڵ ئازادیی و یەکسانی مرۆڤەکاندابووە. دوای ڕۆژێک لە کوژرانی خواناس، بکوژەکەی دەستگیرکراوە و دانی بەتاوانەکەیدا ناوە کە لەبەر جیاوازی بیروڕای ئاینی کوشتوویەتی. خواناس، بیروبۆچونی جیاواز بووە لە خێزانەکەی و دەڵێن پێش ئەوەی کۆچی دوای بکات خواناس زۆر گۆڕاوە و چیتر ئەو کوڕەی جاران نەبووە. باوکی خواناس لە چاوپێکەوتنێکیدا باسی گۆڕانی خواناسی کرد بەوەی "خواناس بە دایکی گوتووە من لە ئێوە زووتر دەچمە بەهەشتەوە لەبەر ئەوەی لە هەمووتان زیاتر خودام خۆشدەوێت."

خواناس، لە پۆستێکیدا دەڵێت "من گەر کەسێکی تر بوومایە و کەسێکی وەک ئێستای خۆمم ببینیایە بەبێ هیچ گومانێک ڕقم لێی دەبوو، سوپاس بۆ ڕق لێبوونەوەی ئەو کەسانەی کە بوونی من کوێری کردوون. ڕێگاکەم گرتووە و ڕووناکییەکەم بە دەستەوەیە، پەیکەرەکان دەشکێنم و کاوە ئاسایی بە چەکوشەکەی دەستمەوە لەسەر لوتکەی پارچە شکاوەکانی ڕادەوەستم، دەڕوانم لەو بینا بەرزانەی کە بە هێزی من بنیادنران و سەیرێکی کەلاوە ڕووخاوەکانی ئێوەش دەکەم، تا بیرم بێت کە ئێوەیەکی بچوک هەبوون. "جۆناسان" ئاسایی لەبەرزی دەیان هەزار کیلۆمەترەوە سەیری پەڕ و باڵی شکاوی ئێوە دەکەم. وەک تەڵا ڕەنگە قەلەڕەشێک بمدزێت بۆ لانەکەی خۆی. بەڵام، هەرگیز سەنگ و ڕەنگم لەدەست نادەم. من بڕوام بە باشی سروشتی هیچ مرۆڤێک نییە. خۆم قەلەڕەشە سێ چاوەکەم".

خواناس قوربانیەکی تری ئەو وڵاتە بێنازە، ئەو وڵاتە ڕامینی بچکۆلەی خواناسیشی بێناز کرد.

لە کۆتاییدا، قسەیەکی تەڵعەت تاهیر هەیە کە دەڵێت "لەم وڵاتە کوشتن، لێناگەڕێ بە سەلامەتی بگەینە مردن." کوشتن لە کوردستان بە ڕادەیەک زۆر بووە چیتر هەواڵی مەرگی کەس نامان تاسێنێت، هۆکار زۆرن. بەڵام، چارەسەر کەمە بۆ ئەو کێشەیەی کوردستان. لە پێشووتر ئەگەر تاوانێک بکرایە سەیربوو لامان بەس ئێستا گەر ڕۆژێک گوللەی خراپی دڕندەکانی وڵات یەکێک نەکوژێت جێگەی سەرنجە! کەس لەم وڵاتە لە خۆی دڵنیا نییە لەگەڵ هەر چوونە دەرەوەیەکت هەزار هۆکار دەدۆزنەوە بۆ لە ناوبردنت. لە وڵاتێک ئازادی ڕادەربڕین نەبێت و ڕای جیاواز قبوڵ نەکرێت دەبێت چاوەڕێی مەرگی چەند خواناسی تر بکەین. بوەستن لە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات، دەسەڵات هیچت بۆ ناکات تۆ مرۆڤێکی کوێر بیت لە ئاست ڕاستییەکان لە ئاست مافەکانی خۆتدا.

ڕوحت شادبێت قەترە شەونمەکەی قەسیدەی عەشقی بەختیار عەلی.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield