مکانیزمی کۆکردن لەنێو کوردیک
بڵاوکردنەوە:
سابیر ژاکاو
نووسەر:
سابیر ژاکاو
بینراو:
462
بەش:
زمان
سیستمی "کۆ"کردن، مکانیزمێکی ڕێزمانی و مۆرفۆلۆجی و لێکسیکۆلۆجی تایبەتی هەر زوانێکە و هەر زوانەی بەپێی داتای مۆرفۆلۆجی و فۆنۆلۆجی خۆی، ئەم سیستمەی دادەڕێژێت و سووڕ و سوڕی زوانەکەی بەروە بازنەیەکی تایبەتی سیستمی داتایی بیرکردنەوە و داڕشتن بۆ سەر نوسین، ساز دەکات و دەبات.
- ئەم ئامرازانەی کە دەبنە ئەلۆمۆرف و ناو لە مەرزی "تاک" بۆ "کۆ" لە زوانی کوردیک دەگوازنەوە، بریتین لە (ان، گەل، و، ێل، ەیل، ێن، ها)
(ماڵ، دار، یار، خورت، هەڤاڵ، هاوڕێ، دایک، خەنە، دوێت، باوک، کاک، بار، سەد، هەزار، کچ، ژن، چەقۆ، کوڕ، گا، مێ، پیا، شانە، گوڵ، پەرتوک...تاد)، ئەم وشانە بەوەرگرتنی ئەم ئەلۆمۆرفانەی سەرەوە لە باری "تاکیەوە" دەچن بۆ باری "کۆ" و لە یەک بەش زۆرتر دەبن، بۆ وێنە:
هەڤاڵ+ ان: هەڤاڵان، ماڵ + ان: ماڵان، یار + ان: یاران...تاد.
کوڕ + گەل: کۆڕگەل، مێ + گەل: مێگەل، کچ + گەل: کچگەل...تاد.
کوڕ + و: کوڕو، کچ + و: کچو، یاران + و: یارانو...تاد.
دوێت + ێل: دوێتێل، کوڕ + ێل: کوڕێل، ژن + ێل: ژنێل...تاد.
ژن+ ەیل: ژنەیل، کوڕ + ەیل: کوڕەیل، کچ + ەیل: کچەیەل...تاد.
هەڤاڵ + ێن: هەڤاڵێن، دایک + ێن: دایکێن، خورت + ێن: خورتێن...تاد.
کوڕ + ا: کوڕا، کچ + ا: کچا، تات + ا: تاتا....تاد.
کوڕ + ەکا: کوڕەکا، کچ + ەکا: کچەکا، تات + ەکا: تاتەکا...تاد.
هەزار + ها: هەزارها، بار + ها: بارها، سەد + ها: سەدها...تاد.
ـ بەپێی ئاستی فۆنۆلۆجی زوانی کوردیک، کاتێک فۆنی کۆتایی وشەیەک ڤاوڵ بو، ئەمە کەڵک لە پیت و مۆرفیمی یارمەتیدەدەر کۆنسۆنانت وەردەگرێت. لە زوانی کوردیک پیتی (ی، و) نیمەبزوێن، ئەرکی مۆرفیمی یارمەتیدەدەر لەپاش بزوێنی (ۆ، و، ۊ، وٓ، ا، ێ، ی، ؽ، ـە) دەگرنە ئەستۆ. ئەلەمۆرفەکانی کۆی ناوی لەپاش پیتی بزوێن لە زوانی کوردی (یەیل، یل، یان، وان، یێن، ڵ، و)ن، وەکو:
هاوڕێ + ی + ان: هاوڕێیان، برا + ی + ان: برایان، خەنە + ی + ان: خەنەیان...تاد.
برا + یێن: برایێن، ڕیڤی + یێن: ڕیڤییێن، دا + یێن: دایێن...تاد.
تەزو + وان: تەزووان، جوانو + وان: جوانووان، خانو + وان: خانووان...تاد.
کتاۊ + ڵ: کتاۊڵ، پیا + ڵ: پیاڵ، برا + ڵ: براڵ...تاد.
برا + یل: برایل، پیا + یل: پیایل، هاوڕێ + یل: هاوڕێیل...تاد.
برا + و: براو، چەقۆ + و: چەقۆو، شانە + و: شانەو...تاد.
پیا + یەیل: پیایەیل، هاوڕێ + یەیل: هاوڕێیەل، برا + یەیل: برایەیل...تاد.
ئەمانە، قاڵبی کۆکردن لەنێو زوانی کوردیکن.
ئەم قاڵبانە لە بەشی مۆرفۆلۆجی و فۆنۆلۆجی و بازنەی کەمکۆشین و ئێکۆنۆمی زوانی کوردیکەوە پەیڕەوی تەنبەڵی زوان دەکەن. واتە کەرەستەی کۆکردن لە بەشی کەمکۆشین زوانی دەردەکەوێت.
بەواتایەکی دیکە؛ کاتێک کە "شێرە"کان ژمارەیان دیار نەبێت، کەس ناڵێت: (شێر مرۆڤەکانی خوارد، یا دە شێر، یا بیست شێر، یا شێرێک)، بەڵکو دەکوترێت: (شێرەکان، مرۆڤەکانیان خوارد، یا شێران، مرۆڤانیان خوارد)، لێرە هاستی کەموکۆشی زوانی، بازنەی ئابوری مۆرفۆلۆجی دەکاتەوە و دێتە بەشی سادەکاری ڕێزمان و خزمەتی لێکسیکی و لەبری ناوهێنانی (بیست و دە و یەک و هەرچەند شێرێک...)، بە کەرەستەی کۆکردن و کەڵکوەرگرتن لەم بازنەیە، وشەکە دادەڕێژێت و ئاستی یارمەتی سادەدەربڕین و سادەنوسین بۆ دەستپێوەگرتنی کات لەنێوان دو جەمسەری تایبەتی "قسەکەر" فیزیکی و "نوسەر"ی نائامادە و نادیار و جەمسەری بەرانبەری پڕاگمەتیک و "گوێگری" فیزیکی و "خوێنەری" نائاماده و نادیار، بازنەی دەستپێوەگرتن دەکاتەوە و دەبێتە هامرازێکی تایبەتی سادەنوسین و کورتنوسین، دەردەکەوێت.
هەر ئەم قاڵبانە، خەو و وەهی خەیاڵاتی "زوانی ستاندارد و یەکگرتو" دەتوێنێتەوە و دەفەوتێنێت!
چون ئیمپێریالیزمی زوانی، توانایی تواندنەوەی ئۆنتۆلۆجی و هەستی زوانی ژینگەیی کوردیکی لە مێشکی تاکی ئەم زوانەوە نیە و نابێت!
سەرچاوە: پرشەدارێکی زمانەوانی 2.
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield